"چاودێری بڕیارەکانی دەسەڵاتدارانی سوریا دەکەین"

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە) و حکومەتی کاتی سوریا ڕایدەگەیەنێت" چاودێری بڕیارەکانی دەسەڵاتدارانی سوریا دەکەین".

مارکۆ ڕۆبیۆ وەزایری دەرەوەی ئەمریکا، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە" وڵاتەکەی بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە ڕێککەوتنەکەی ئەم دواییە دەکات کە لە نێوان دەسەڵاتدارانی کاتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات واژووکراوە".

ڕۆبیۆ دەشڵێت" ئەمریکا بۆ ڕێگرتن لە شەڕ، پشتگیری دەکات لە گواستنەوەیەکی سیاسی و ئیدارەیەکی متمانەپێکراوی دوور لە مەزهەبگەرایی، چاودێری بڕیارەکانی دەسەڵاتدارانی سوریا دەکەین، هاوکات سەرنج دەخەینە سەر ڕووداوەکانی توندوتیژی بۆ سەر کەمینەکان".

ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە سه‌رۆكایه‌تی كۆماری سوریا له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئاماژەی بەوەکرد، ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆكی قۆناغی ڕاگوزه‌ری سوریا و مه‌زڵوم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) ڕێككه‌وتن.

به‌پێی یه‌كێك له‌ خاڵه‌كانی ڕێککەوتنەکە بۆ لەمەودوا هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە بەشێک دەبێت لە دامەزراوەی بەرگری سوریا، هەروەها هەردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌ی خاكی سوریا و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی دابه‌شكاری ناوچەکە كردووه‌ته‌وه‌.



PM:12:09:12/03/2025