وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: دانوستانەکان لەگەڵ ئەورووپا لە پرسی ئەتۆمیدا درێژەیان هەیە و هاوتەریب لەگەڵ ڕووسیا و چینیشدا لە نزیکەوە بەردەوامین لە ڕاوێژ کردن وئەگەری ئەوەیش هەیە لە ڕێگەی عومانەوە دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا بکرێت.
ئەمرۆ پێنجشەممە ١٣ی ئادار عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی 'ئێران' باسی لە بانگەوازەکەی ئەمریکا بۆ دانوستان، هەڕەشەکان و پێشهاتەکانی سیاسەتی دەرەوە کرد.
عێراقچی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: دانوستانەکان لەگەڵ ئەورووپا درێژەیان هەیە و، ڕایگەیاند: "لە خولی پێشوودا ئەورووپییەکان نێوەندگیرییەکی باشیان کرد، ئێستاش دەتوانن هەمان دەور بگێڕن. لەگەڵ ئەورووپییەکان بەردەوام دەبین لەسەر ئەم دانوستانانە، هاوتەریب لەگەڵ ڕووسیا و چینیشدا لە نزیکەوە بەردەوامین لە ڕاوێژ کردن''.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لە بارەی ئەوەی ئایا وەک پێشووتر لە ڕێگەی عومانەوە دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا دەکرێت یان نا، عراقچی ڕایگەیاند: "بەڵێ ئەمە شێوازێکی نامۆ نییە و بە درێژایی مێژوو دەیان جار ڕوویداوە. ئەو وڵاتانەی نایانەوێت ڕاستەوخۆ لەگەڵ یەکتردا گفتوگۆ بکەن، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ گفتوگۆیان کردووە. لەبەرئەوە دەرفەتی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەبەردەستە".