ڕۆژنامەیەکی بەریتانی ڕایدەگەیەنێت" لە ماوەی سێ ڕۆژی دوای دەستبەسەرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی دورخراوەی شارەوانی ئەستەنبوڵ، بۆرسەی تورکیا ١٦.٣%ی بەهاکەی لەدەستداوە".
ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیستی بەریتانی لە بابەتێکیدا شیکارییەکی بەناونیشانی (کۆماری لەرزین) بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە کە" تورکیا لە خاڵی نەگەڕانەوە نزیک دەبێتەوە".
"جەماوەرێکی زۆر لە خۆپیشاندەران لە ٢٣ی ئازاردا لە گۆڕەپانی دەرەوەی بینای شارەوانی ئیستەنبوڵ خۆپیشاندانێکی گەورە و فراوانیان بۆ پشتگیریکردن لە سەرۆکی شارەوانیەکەیان، ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سیاسەتمەداری ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ئەنجامدا" (ڕۆژنامەکە وادەڵێت)
هەروەها ڕۆژنامەکە نوسیویەتی" ئیمام ئۆغڵو دەستگیرکراوە و دەتوانێت بۆ چەند مانگێک، ڕەنگە ساڵانێک لە زینداندا بمێنێتەوە، بەوهۆیەوە تورکیا لە خاڵێکی نەگەڕانەوە نزیک دەبێتەوە، حکومەت ئەو سیستەمە بەڕێوەدەبات کە شارەزایانی بواری سیاسی پێی دەڵێن سیستەمێکی پاوانخوازی کێبڕکێکارانە".
ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیستی بەریتانی لە بابەتەکەیدا
ڕوونیشیکردەوە، ئەوروپا بەنیازە ڕۆڵێکی سەرەکی بە تورکیا بدات لەو هێزە ئاشتیپارێزەی کە دەیەوێت لە ناوچەی شەڕدا دامەزرێنێت لە ئەگەری ڕوودانی ئاگربەست لە ئۆکرانیا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەمریکا" دۆناڵد ترەمپ گرنگییەکی کەمی بە پێشێلکردنی ڕێکارە دیموکراسیەکان نیشانداوە و هیچ کاردانەوەیەکی جدی نەبووە".
هاوکات ئیکۆنۆمیستی بەریتانی ڕوونیشیکردەوە، لە ماوەی سێ ڕۆژی دوای دەستبەسەرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ، بۆرسەی ئیستانبوڵ ١٦.٣%ی بەهاکەی لەدەستداوە.
ڕۆژنامەکە لە کۆتاییدا دەڵێت" لەم نێوەندەدا لە نێوان هەوری گازی فرمێسکڕێژدا، دیموکراسی تورکیا هێواش هێواش لە چاوی خەڵک پاشەکشە دەکات".