وەزیری ناوخۆی تورکیا بڵاویکردەوە، لە ١٩ی مانگەوە ١٤١٨ کەس لە خۆپێشاندانەکاندا دەستگیر کراون.
عەلی یەرلی کایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە توڕی کۆمەڵایەتی ئیکسدا بڵاویکردەوە کە " لەو خۆپێشاندانە نایاساییانەی لە رۆژی ١٩ی مانگەوە دەستیان پێکراوە، ١٤١٨ گومانلێکراو دەستگیر کراون. ئێستا ٩٧٩ کەس بە دەستگیرکراوی ماونەتەوە و ٤٧٨یان دەدرێنە دادگە."
وەزیری ناوخۆی تورکیا نوسیوێتی"هەرگیز سازش لەوانە ناکرێت کە تیرۆریان هێناوەتە کۆڵان و شەقامەکانمان و پەلاماری پۆلیس و بەهاکانیان داوین."
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ رۆژی ١٩ی مانگ دەستگیرکرا و ئێستاش لە زیندانە.
بەرەبەیانیی رۆژی ٢٣ی ئازاری ٢٠٢٥ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەرەشارەوانی ئیستەنبووڵ و ٩٩ کەسی دیکە کە ١٩ مانگ دەستگیرکرابوون، رەوانەی دادگە کران.
ئیمامئۆغڵو بە بڕیاری دادگە خرایە زیندان و دواتریش لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی تورکیاوە لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە.