نرخی نەوت بەردەوامە لە دابەزین

دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی نرخی نەوت بەڕێژەی ٨% دابەزینی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش بەهۆی ئەو باجە نوێیانەی کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە سەپێندرا و بڕیارەکەش ترسی لە شەڕی بازرگانی جیهانی دروستکردووە کە ڕەنگە کاریگەری لەسەر خواستی نەوت هەبێت.

لە ئێستادا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساسی ئەمریکا بەڕێژەی ٩.١١% دابەزی و گەیشتە ٦٠ دۆلار و ٨٥ سەنت، لە کاتی داخستنی بازاڕدا بە ٦٦ دۆلار و ٩٥ سەنت بوو. 

هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بەڕێژەی ٨.٣٦% دابەزی و گەیشتە ٦٤ دۆلار و ٢٦ سەنت، لە کاتی داخستنی بازاڕدا بە ٧٠ دۆلار و ١٤ سەنت بوو. 

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ترەمپ سەپاندنی باجی بەرفراوانی ڕاگەیاند کە بە "ڕۆژی ڕزگاری ئەمریکا" وەسفی کرد، گومرگەکان بریتی بوون لە سەپاندنی ٢٥%ی باج لەسەر ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوەکان و ٢٠%ی باج لەسەر هەموو هاوردەکردنی تر.

هەروەها باجی زیاتر بەسەر هەندێک هاوبەشی بازرگانی ئەمریکادا سەپێندرا لەوانەش ٣٤%ی باج لەسەر هاوردەکردنی چین، ٢٤% لەسەر هاوردەکردنی ژاپۆن و ٢٠% لەسەر هاوردەکردنی یەکێتی ئەوروپا، هەروەها بەسەر عێراقدا ٣٩%ی باجی سەپاند.



PM:02:37:04/04/2025