بە پێی ئامارە بڵاوکراوەکانی رێکخراوی ماڤی مرۆڤی ئێران لە ماوەی سێ مانگی سەرەتایی ئەمساڵ بە لانیکەم ٢٣٠ کەس لەسێدارە دراون کە ٨ کەسیام ژنن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە جنێڤە، ئاماری لە سێدارەدانی سێ مانگی سەرەتایی ئەمساڵی بڵاوکردەوە و دەڵێت" لە ماوەی ٣ مانگی یەکەمی ئەمساڵ دا، ژمارەی ئەو کەسانەی لەسێدارەدراون لە ئێران بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردو دوو هێندە زیادی کردوە".
بە گوێرەی ئاماری رێکخراوەکە، تەنها لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ دا، لانیکەم ٢٣٠ کەس لە سێدارە دراون کە هەشتیان ژن بون.
لەسێدارەدانەکان بە شێوەیەکی سەرەکی بە تۆمەتی کوشتن و تاوانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان ئەنجام دراون، بە پێی ئەو ئامارانەی رێکخراوەکە بڵاویکردوەتەوە" لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردودا ١١٠ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون."
بڵاویشیکردووەتەوە کە " تەنها لە مانگی ڕابردودا ، لە تەواوی ئێراندا لانیکەم ٥٩ کەس لە سێدارە دراون، کە حەوت هاوڵاتی بەلوچ، سێ هاوڵاتی ئەفغانی و هاوڵاتییەکی کوردیشیان تێدابوە و لەو ژمارەیەش پێنجیان ژن بون".
ڕێکخراوەکە ئاماری ساڵی ڕابردوشی خستوەت ڕو کە تێیدا، کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٢٤دا لانیکەم ٩٥٧ کەسی لە سێدارە داوە و ئامارەکانی سەرەتایی ئەمساڵیش ئاماژەن بۆ ئەوەی رێژەی لە سیدارەدان لە چاو ساڵانی رابردودا زیاتر دەبێت.
لای خۆیەوە مەحمود ئەمیری، سەرۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هۆشداری دا لەوەی کە تاران ڕەنگە نیگەرانییەکانی سەبارەت بە ئەگەری ململانێ لەگەڵ ئەمەریکا بۆ زیادکردنی لەسێدارەکان بقۆزێتەوە.
ناوبراو باسی لەوەش کردوە، مەترسی زیادبونی بەرچاوی لەسێدارەدان لە هەفتەکانی داهاتودا جدییە و دەشڵێت؛ ڕەنگە دەسەڵاتدارانی ئێران وەک ئەوەی لە ڕابردودا ئەنجامیان داوە، سەرنجی گشتی لەسەر گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا بقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانی ژمارەیەکی زیاتر لە سێدارەدان، لەوانەش لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی.