پزیشکیان: بە هێزەوە ڕووبەڕوی هەر دەستدرێژییەک دەبینەوە

سەرۆک کۆماری ئێران ئاشکرایکردووە، وڵاتەکەی هەوڵی "هەڵگرتنی بۆمبی ئەتۆمی" نادات و دەشڵێت"ئێمە هەرگیز هەوڵمان نەداوە بۆمبی ئەتۆمی هەڵبگرین، ئێستا بەدوایدا ناگەڕێین و لە داهاتووشدا بەدوایدا ناگەڕێین" و وتیشی " هەروەها هەوڵی جەنگ و دەستدرێژیکردنە سەر هیچ وڵاتێکیش نادەین، بەڵام بە هێزەوە ڕووبەڕوی هەر دەستدرێژییەکیش دەبینەوە".

مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لە مەراسیمی ڕۆژی نیشتمانی تەکنەلۆجیای ئەتۆمی ڕایگەیاندووە" ئەوان بەردەوام پەرە بە پێویستی پشتڕاستکردنەوە و پشکنین دەدەن، ئەوان ١٠٠ جار پشتڕاستتان کردۆتەوە، با هەزار جار بێت، بەڵام ئێمە پێویستمان بە زانستی ئەتۆمی و وزەی ئەتۆمی هەیە".

مەسعود پزیشکیان ئاشکرای کرد کە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نادەین و لە هیچ هەڕەشەیەکیش ناترسین، هەروەها هەوڵی جەنگ و دەستدرێژیکردنە سەر هیچ وڵاتێکیش نادەین، بەڵام بە هێزەوە ڕووبەڕوی هەر دەستدرێژییەکیش دەبینەوە.

سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا سەرۆکی ئێران وتی"ئێمه ئامادەین بۆ دانوستان، به ڵام ڕاستەوخۆ نا".

ڕوونیشی کردووەتەوە، عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بە پشتبەستن بە ڕاسپاردە و ڕێنماییەکانی ڕێبەری مەزنی ئێران، وتووێژی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ نوێنەرانی ئەمەریکا لە عومان ئەنجام دەدات.

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی کردووەتەوە، وڵاتەکەی هەمیشە لە هەوڵی "پاراستنی پەیوەندییەکی ئاشتیانە و هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دیکە" دەدات.

هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو دانوستانەکە ڕاستەوخۆ دەبێت، بەڵام تا ئەمڕۆش تاران جەخت دەکاتەوە لەوەی دانوستانەکە ناڕاستەوخۆ دەبێت.

تەوەری سەرەکی دانوستانەکانیش تایبەتە بە دۆسیەی ئەتۆمی تاران، ئەمریکا و ئیسرائیلی هاوپەیمانی پێداگر دەکەن لەوەی نابێت کۆماری ئیسلامی ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هەرچەندە بەردەوام ئەو وڵاتە جەخت دەکاتەوە لەوەی ئامانجی بەرنامەکەی ئاشتییانەیە.

هاوکات، ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، تیمەکەی ستیڤ ویتکۆف کە نوێنەرایەتی حکومەتی ئەمریکا دەکەن، لە ڕێگەی سوڵتانییەتی عومانەوە پەیامیان بۆ ئێران ناردووە و ڕۆژی شەممە داوای دانوستانی ڕاستەوخۆیان کردووە. ئەو بەرپرسە ئەمریکییە زیادی کرد: ئەگەر دانوستانەکان ڕاستەوخۆ ئەنجام نەدرێن، ڕەنگە ویتکۆف بڕیار بدات گەشت بۆ عومان نەکات.

ناوبراو وتی" ئێمە پێویستمان بە لێکتێگەیشتن و وتووێژی هەمەلایەنە هەیە و فریودانی ئێرانییەکان قبوڵ ناکەین".

ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکاشەوە بڵاویکردۆتەوە کە ویتکۆف ئامادەیە سەردانی تاران بکات ئەگەر بانگهێشتنامەیەکی فەرمی پێ بگات.





PM:03:22:09/04/2025