قائانی: ئەمریکا و ئیسرائیل لە دەسەڵاتی ئێران تێناگەن

فەرماندەی گشتی فەیلەقی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایدەگەیەنێت" ئەمریکا و قەوارەی زایۆنیستی سەرەڕای هەموو بانگەشەکانیان، هێشتا ناتوانن لە توانا ڕاستەقینەکانی ئێران بە تایبەت سەبارەت بە وردبینی مووشەکەکانی پێشکەوتوو تێبگەن". 

ئیسماعیل قائانی فەرماندەی گشتی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە وتارێکدا ڕایگەیاند" وردبینی مووشەکەکانی ئێران بە ڕێکەوت نییە، بەڵکو لە ئەنجامی هەوڵە ئەندازیارییە ناوخۆییەکان و ئەزمونی مەیدانی لە مێژینەیە".

وتیشی" ئەمریکا و ئیسرائیل لەوە تێناگەن کە بۆچی مووشەکەکانمان بە وردی ئامانجەکانیان پێدەکەن و ئەمەش خۆی لە خۆیدا سەرچاوەیەکی بەردەوامی نیگەرانییە بۆ ئەوان". 

قائانی لە درێژەی وتارەکەیدا دەشڵێت" بەرەی بەرخۆدان سەرەڕای کەمی سەرچاوەکانی، توانیویەتی لە بەرامبەر پێشکەوتووترین چەک و تەکنەلۆجیاکاندا خۆڕاگر و سەرکەوتوو بێت". 

ڕوونیشیکردەوە کە" تواناکانی بەرخۆدان لە ناوچە جیاجیاکان، وەک لوبنان و یەمەن، دەرئەنجامی هەوڵە تەنیا ناوخۆییەکان و داهێنانە مەیدانییەکانە". 

قائانی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی" ئیرادەی گەلان بۆ بەرەنگاربوونەوە لە هەموو هەڕەشەکان بەهێزترە و هەوڵی زلهێزە خۆبەزلزانەکان لە شکاندنی ئیرادەیان سەرکەوتوو نابێت". 



PM:04:03:10/04/2025