وەزیری دەرەوەی ئێران: هەلی ڕێكکەوتن لەگەڵ ئەمریكا زۆر گەورەیە

سەرچاوەیەكی ئێرانی ئاشكرای كرد، وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی باسی لەوەكردوە، بەرەوپێشچوونی بەرچاو لە دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریكا بەدیهاتوە و ئاماژەی بەوەكردوە پێدەچێت تا كۆتایی مانگی ئایاری داهاتو بگەنە ڕێككەوتن.

ئاژانسی بەغداد ئەلیەوم لە زاری سەرچاوەیەكی ئێرانیەوە بڵاوی كردەوە: عەباس عێراقچی لە كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتەكەی ڕاگەیاندوە، هەلی ڕێككەوتنی تاران و واشنتۆن دەگاتە ٩٩% پێش كۆتایی هاتنی مانكی ئایاری داهاتو.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، وەزیری دەرەوەی ئێران وتویەتی، دانوستانە ناڕاستەوخۆكانی ئەم دواییە لەگەڵ ئەمریكا بەرەوپێشچونی بەرچاوی بەدەستهێناوە لەزۆرێك لەپرسە هەڵپەسێردراوەكانی دۆسێی ئەتۆمی، لەوانە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم و هەڵگرتنی سزاكان و میكانیزمی جێبەجێكردنی پابەندییەكان.

عەباس عێراقچی باسی لەوەش كردوە، ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەم رێککەوتنیان ماون، دەكرێت چارەسەر بكرێت و لێكتێگەیشتنی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی هەیە بۆ كۆتاییهێنان بە گرژییەكان و گەڕاندنەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی بۆ ڕێڕەوە سروشتییەكەی



PM:06:06:22/04/2025