وەزیری راگەیاندنی پاکستان ئاشکرای دەکات کە وڵاتەکەی زانیاریی باوەڕپێکراوی هەیە کە هیندستان بە نیازە لە ماوەی ٢٤ سەعاتی داهاتوو دا هێرشبکاتە سەریان
چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی نارێندرا مودی سەرۆک وەزیرانی هیندستان ڕایگەیاند کە دەسەڵاتی تەواو دەدات بە هێزە چەکدارەکانی بۆ وەڵامدانەوەی کوشتنی گەشتیاران و ڕێبەری گەشتیاری لە کشمیر کە لەلایەن هیندستانەوە بەڕێوەدەبرێت، عەتاوڵا تارار وەزیری هەواڵگری پاکستان ڕایگەیاند" کە ئیسلام ئاباد بەڵگەی هەیە کە ئاماژە بەوە دەکات کە بەمزوانە هیندستانم هێرش دەکاتە سەر پاکستان".
عەتاوڵا تارار ئاماژەی بەوەشکرد "زانیاری باوەڕپێکراو" یان پێگەیشتووە کە هیندستان بەنیازە لە ماوەی ٢٤ بۆ ٣٦ کاتژمێری داهاتوودا هێرشی سەربازی بۆ سەر پاکستان ئەنجامبدات.
لە هەمان کاتدا ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تەقەکردن لە نێوان هێزەکانی هیندستان و پاکستان بە درێژایی هێڵی سنووری نێوانیان زیادی کردووە .
ناکۆکییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان نوێ نییە، دوای ئەوەی هەرێمی کشمیر لەنێوان هەردوو وڵات بوو بە دووبەشەوە، لەو کاتەوە بەردەوام پاکستان هەوڵدەدات ئەو بەشەی بەر هیندستان کەوتووە وەریبگرێتەوە و بیکات بە بەشێک لە خاکەکەی، بەڵام هیندستان ئامادەی سازشکردن نییە لەو پرسەدا، بۆ ئەمەش هەر جارە و بە بیانوویەک ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دێتە کایەوە.