بەریتانیا پێدانی ڤیزە بە هاوڵاتییانی ژمارەیەک وڵات سنوردار دەکات

حکومەتی بەریتانیا پێدانی ڤیزە بە هاوڵاتییانی ژمارەیەک وڵات سنوردار دەکات کە زۆر جار دوای گەیشتنیان بەو وڵاتە داوای مافی مانەوە و پەنابەرێتی دەکەن.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی بەریتانیا، هاوڵاتییانی پاکستان، نایجیریا و سریلانکا سەرەکیترین ئامانجی ئەم پلانەن کە حکومەتی بەریتانیا پێدانی ڤیزە پێیان ئەستەم دەکات و بڕیارە فەرمانەکەش لە هەفتەی داهاتوەوە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. 

لای خۆشییەوە وتەبێژێکی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ڕایگەیاندووە" ئێمە زانیاری لەسەر ئەو کەسانە کۆدەکەینەوە کە بە ڤیزەی کار یان خوێندن دێنە بەریتانیا و دواتر داوای پەنابەرێتی دەکەن".

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت بەردەوام سیستمی پێدانی ڤیزە هەڵدەسەنگێنێت و هەر کات پێویستبکات، رێوشوێنە توندەکان دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی یاساکانی پەنابەرێتی.



PM:03:41:08/05/2025