سوپای ئێران هۆشداری توند دەدات

سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئێران هۆشداری دەدات و دەڵێت"ئامادەی وەڵامدانەوەی هەر جۆر هێرشێکین".

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢ی ئایار محەمەد باقری، سەرۆکی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، رایگەیاندووە، بەشێکی زۆری ھێزە چەکدارەکان، لەوانە سوپا، ھێزی جێبەجێکاری یاسا، سەردان و ھەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە و ھێزە چەکدارەکان لە لوتکەی ئامادەباشیدان.

لای خۆشییەوە کیومەرس حەیدەری، فەرماندەی هێزی سوپای ئێران رایگەیاند" بە چاوێکی کراوە و دەستێک لەسەر تفەنگ، گوێڕایەڵی فەرمانی رابەری باڵای وڵاتەکەن، ئامادەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی دوژمنەکانیان، ئەگەر هەڵەیەک بکەن سزای قورس و توندیان دەدەن".

ئەوەش لە کاتێکدایە کە ماڵپەری رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە هێزەکانی ئیسرائیل خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ئامادە دەکەن لە ئەگەری ئەوەی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لەسەر پرسی ئەتۆمی تاران شکست بێنێت.




PM:09:51:22/05/2025