ترەمپ: ئەگەر ئێران پیتاندنیان بکات ئەوا بە رێگەکەی دیکە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین

هەڕەشەکانی ئێران و ئەمریکا لە یەکدی بەردەوامە و لە دوایی قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی ئەوەدەکات کە ئەگەر ئێران یۆرانیۆم بپیتێنێت ئەوە بە رێگەیەکی تر مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی دانوستاندنەکانی نێوان ئیدارەکەی و ئێران دایەوە و وتی" بەگوێرەی پێشنیازەکە کە بۆ رێککەوتن بۆ ئێران نێردراوە ئەوان یۆرانیۆم ناپیتێنن. ئەگەر پیتاندنیان کرد، ئەوا ناچار دەبین بە رێگەکەی دیکە مامەڵەیان لەگەڵ بکەین."
ترەمپ رایگەیاند"  رێککەوتنی دیپلۆماسی بژاردەی دڵخوازی ئەوە و بەڕاستی نامەوێت رێگەکەی دیکە هەڵبژێرم، بەڵام وا دیارە هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نابێت."

 
ئەو لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکا وەکو ئاماژەیەک بۆ هێرشی سەربازی بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لێکدەدرێتەوە، لە ئەگەری نەگەیشتن بە رێککەوتن.
 
 ئەمە لە کاتێکدایە کە عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی  لە وتارێکدا لە ڕۆژی چوارشەممە ٤ی حوزیران ڕایگەیاند کە " یەکەم کارە لە پێشینەی ئەمریکا ئەوەیە کە ئێران پیشەسازی ئەتۆمی نەبێت" و دەشڵێت" وەڵامی ئێمە بۆ قسە بێماناکانی ئەمریکا ڕوونە: ئەوان ناتوانن لەم بابەتەدا هیچ کارێک بکەن".

خامنەیی لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا زیادی کرد: دوژمنانمان پەنجەیان خستۆتە سەر پیتاندنی یۆرانیۆم، و ئاماژەی بەوەشکرد، پیتاندنی ئێران هیچ پەیوەندییەکی بە ئەمریکاوە نییە و بۆچی ئەم وڵاتە دەستوەردان دەکات؟
ناوبراو جەختی لە زیادبوونی هێزی بەرگری و نیزامی کۆماری ئیسلامی کرد و وتی" لە ئێستاوە تا دەتوانین دەسەڵاتی هەمەلایەنەی نەتەوەیی خۆمان زیاد دەکەین، ئیمام فێری کردین کە دەبێت هێزی بەرگریمان زیاد بکەین".

٢٣ی ی ئایار، ئێران و ئەمریکا پێنجەم گەڕی دانوستاندنیان لە رۆما کرد و رایانگەیاند، "لە داهاتوویەکی نزیکدا" دەست بە گەڕی شەشەم دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا کات و شوێنەکەیان دیاری نەکردووە.



PM:12:00:07/06/2025