لە یەکەم ڕۆژی جەژندا لە تورکیا زیاتر لە ١٤ هەزار کەس برینداربوون لە ئەنجامی ڕووداوەکانی سەربڕینی ئاژەڵە قوربانییەکان.
کەمال مەمیشئۆغڵو وەزیری تەندروستی تورکیا، ئەمڕۆ شەممە لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند" لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قورباندا لە سەرتاسەری تورکیا ١٤ هەزار و ٣٧٢ کەس لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵە قوربانییەکان برینداربوون".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ١٤ هەزار و ٣٧٢ کەس بەهۆی برینەکانی پەیوەست بە سەربڕینی ئاژەڵە قوربانییەکان لە نەخۆشخانە خەوێندراون، کە هەزار و ٤٩ حاڵەت لە ئەنقەرە و ٧٥٣ حاڵەت لە ئەستەنبوڵ تۆمارکراوە.
مەمیشئۆغڵو هەروەها ئاماژەی بە ژمارەی توشبوان کرد لە چەند شارێکی دیکە کە ٦٥٥ حاڵەت لە کۆنیا، ٦٣٤ لە عەنتاب، ٥٧٢ کەس لە مانیسا.
شارەزایان ساڵانە هۆشداری دەدەن لە مەترسییەکانی سەربڕینی ناپیشەیی ئاژەڵە قوربانییەکان، جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم جۆرە کارانە ڕێژەی برینداربوون لەنێو کەسانی ناشارەزادا زیاد دەکەن.