بەیانی ئەمڕۆ هەینی نرخی نەوت لە سەرەتای ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، دوای ئەوەی هەواڵەکانی زنجیرەیەک تەقینەوە لە تارانی پایتەختی ئێران بڵاوکرایەوە.
لە ئێستادا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بەڕێژەی ٨.٣٨% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ٧٥ دۆلار و ١٢ سەنت، لە کاتی داخستنی بازاڕدا بە ٦٩ دۆلار و ٣٦ سەنت بوو.
هەروەها نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساس بەڕێژەی ٨.٦٦% بازدانی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە ٧٣ دۆلار و ٧٦ سەنت، لە کاتی داخستنی بازاڕدا بە ٦٨ دۆلار و ٤ سەنت بوو.
بازاڕەکان لە نزیکەوە چاودێری کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان دەکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ترسی ئەوەی هەیە کە پەرەسەندنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوانتر بێت و لایەنە ناوچەیی یان نێودەوڵەتییەکان بگرێتەوە، ئەمەش ئەگەری هەیە قەیرانێکی نوێی جیۆپۆلەتیکی لێبکەوێتەوە.