وێنە.. فرانس پرێس
هێرشەکەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نیگەرانی و ناڕەزایەتی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە کە تێیدا بە هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکە دەزانن.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پەیامێکدا نیگەرانی قوڵی خۆی لە پەرەسەندنی سەربازی ئیسرائیل دەربڕی و هۆشدارییدا لە کاردانەوەکانی لە ژێر ڕۆشنایی دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان تاران و واشنتۆن سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
گۆتێرێس داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات دان بە خۆیاندا بگرن و خۆیان لە هەر ململانێ و هیرشێک بۆ سەر ناوچەکە بە دوور بگرن.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش سوڵتانییەتی عومان کە نێوەندگیری دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات، هێرشەکانی ئیسرائیلی شەرمەزار کرد و بە "هەڵکشانی مەترسیدار" وەسفی کرد کە هەڕەشە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەکات.
لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا دووپاتیکردەوە کە ئیسرائیل" بەرپرسیارێتی تەواوی ئەم هەڵکشانە و دەرئەنجامەکانی لە ئەستۆدایە"، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەڵوێستێکی ڕوون و دیاری هەبێت بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە.
لای خۆیەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئوردن هۆشداریدا لەوەی ئەم کردەوە پەرەسەندووانە هەڕەشە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەکەن، داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت ئەنجومەنی ئاسایش کرد کە هەنگاوی بەپەلە بگرنەبەر بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی.
هەر لەو چوارچێوەیەدا ئیمارات نیگەرانی خۆی لە کاردانەوەکانی ئەو هەڵکشانە دەربڕی و لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە داوای کردووە" ئەوپەڕی خۆگرتن و دوورکەوتنەوە لە فراوانکردنی ململانێکان بەدوور بگرن"، هەروەها جەختی لەسەر گرنگی چارەسەری دیپلۆماسی و ڕەتکردنەوەی زمانی ڕووبەڕووبوونەوە و توندوتیژی کردەوە و داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد کە ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست بگرێتەبەر.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەندەنوسیا ڕایگەیاند" هێرشەکەی ئیسرائیل هەڕەشەی زیادکردنی گرژییەکانی ئێستای ناوچەکە دەکات و ڕەنگە ململانێیەکی فراوانتر هەڵبگیرسێنێت، پێویستە سەرجەم لایەنەکان خۆیان بەدوور بگرن".
لای خۆشییەوە وەزیری دەرەوەی ژاپۆن "ئیدانەکردنی توندی" خۆی بۆ هێرشەکە دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا کە" دەبێتە هۆی تێکچوونی زیاتری دۆخی ناوچەکە"، لە کاتێکی گرنگدا کە ناوچەکە پێویستی بە کەمکردنەوەی پەرەسەندن هەیە، نەک زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان.