ئێران: دەستبەردای وزەی ئەتۆم نابین

ئەمڕۆ دووشەممە بە مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە پەرلەمانی وڵاتەکەی وتارێکی سەبارەت بە بەردەوامبوون لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم پێشکێشکرد و رایگەیاند''ئێمە مافی ئەوەمان هەیە لە وزەی ئەتۆم و توێژینەوە زانستییەکان سوود وەربگرین، بۆیە هیچ کەسێک بۆی نییە ئەم مافە لە ئێمە وەربگرێتەوە''.
  
سەرۆک کۆماری ئێران جەختی لەوە کردەوە ''ئێمە بۆ بەدیهێنانی ئەم مافە، پێداگرین و لە هیچ هێزێک لە پێناو بەکارهێنانی وزەی ئەتۆم ترسمان نییە.''
 
مەسعود پزیشکیان رەخنەی لە سیاسەتی نێودەوڵەتیی واشنتن گرت و وتی ''ئەمریکا سەرقاڵی زۆردارییە و پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، رێگە دەدات ئیسرائیل دەستدرێژی و هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەمان.''

لای خۆشییەوە محەممەد باقر قالیباف، وتی "رژێمی زایۆنی بە پاڵپشتی و چاوپۆشیی ئەمریکا، دەستی بە ئەنجامدانی تاوانێکی نوێ لە ئێران کردووە."
 
قالیباف وتیشی "گەلی ئێران بە هەموو نەتەوە و بیروبۆچوونە سیاسییە جیاوازەکانەوە لە بەرامبەر دووژمنی دڕندە یەکگرتوو و یەکدەنگن."
 
بە وتەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ئیسرائیل بۆ "گورز وەشاندن"ی زیاتر لە وڵاتەکەی، کەسانی "بەکرێگیراو"ی نێوخۆیی بەکاردەهێنێت و رایگەیاند، "بەشێکی بەرچاوی زیانەکانی دووژمن هێرشی سەربازی نین، بەڵکو بە یارمەتیی مۆرە نێوخۆییەکانی ئەنجام دەدرێن."




AM:09:28:16/06/2025