بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەكانەوە نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە

بەهۆی بەردەوامی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیسرائیل، کەمێک پێش ئێستا نرخی نەوت بە هەردوو جۆرەکەیەوە بەرزبوونەوەی بەرچاوی تۆمارکرد. 

لە ئێستادا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بەڕێژەی ٤.٤٥% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ٧٦ دۆلار و ٦٦ سەنت، لە کاتی داخستنی بازاڕدا بە ٧٣ دۆلار و ٢٣ سەنت بوو. 

هەروەها نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساس بەڕێژەی ٤.٣١% بازدانی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە ٧٣ دۆلار و ٢٨ سەنت، لە کاتی داخستنی بازاڕدا بە ٧٠ دۆلار و ٢٥ سەنت بوو.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شایەتی هەڵکشانی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیلە کە لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ڕابردووەوە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئاڕاستەی یەکدی دەکەن، سەرەڕای چەندین جار بانگەوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئاگربەست لە نێوان هەردوولا، بەڵام هێرشە مووشەکییەکان بەردەوامن.

ئێران سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لەنێو وڵاتانی ئەندامی ئۆپێکدا و ئەو شەڕە ڕەنگە دابینکردنی نەوتی وڵاتەکەی پەک بخات و ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.



PM:11:04:17/06/2025