سەرۆکی مۆساد رایدەگەیەنێت"، ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کارەساتێکی ستراتیژی بەدوای خۆیدا دەهێنێت"، دەشڵێت" ئاسانکاری بۆ ئێران دەکات بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و بەهێزبوونەوەی'.
دەیڤید بارنیا، سەرۆکی مۆساد هۆشداری دا لەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، ئەگەر واژۆ بکرێت، "کارەساتێکی ستراتیژی" بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ڕوونیشی کردەوە، ڕێککەوتنەکە لە درێژخایەندا، ئاسانکاری بۆ ئێران دەکات بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و بەهێزبوونەوەی.
دەشڵێت:"تەنها شتێک کە ئێستا دەگۆڕێت تاکتیکەکانی مامەڵەكردنی ئێرانە، کە لە ژێر چاودێریی زلهێزەکان، بە پلەی یەکەم ئەمریکا جێبەجێ دەکرێن."
بارنیا ئاماژەی بەوەدا کە "ئێران دەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنەکە، چونکە خۆی و ئەمریکا بەرژەوەندییەکی ستراتیژییان هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە"، لە میانی دیدارەکەیدا هۆشداری دا لەوەی "ئیمزاکردنەکە ڕێگە بە ئێرانییەکان دەدات توانای ئەوپەڕی بەرچاویان پێ بگات بەو سەدان ملیار دۆلارەی کە دەڕژێتە ناو وڵاتەوە کاتێک سزاکان بەپێی ڕێککەوتنەکە هەڵدەگیرێن."
دەشڵێت: "ئەم پارەیە هاوکاریی حزبوڵڵا، جیهادی ئیسلامیی فەلەستین، حوسییەکان، میلیشیاكانی سەر بە تاران، سوپای قودس و حەماس دەکات."
ناوبراو نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی کە بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە وەک "مۆدێل"ێک سەیری ئێران دەکەن.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.