وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هێرشەكانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمریكا بۆ سەر ئێران بەبێ سزا تێناپەڕێت و ئێران مافی خۆیەتی وەڵام بداتەوە.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئێكسێكدا نووسویەتی، ئەمریكا، بە هێرشكردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەكانی ئێران، پێشێلكارییەكی گەورەی پرێنسیپەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، یاسا نێودەوڵەتییەكانی ئەنجامداوە.
ڕاشگەیاند، هێرشەكانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمریكا بەبێ سزا تێناپەڕێت، وتیشی پێویستە هەر ئەندامێكی نەتەوە یەكگرتووەكان بەو ڕەفتارە مەترسیدار و بێ یاسا و تاوانكارییەی ئەمریكا بە ئاگابێتەوە ئیدانەی بكات.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشكردوە، بەپێی پرێنسیپەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و بڕگەكانی لە ئێستادا مافی ڕەوای ئێران خۆیەتی كە وەڵامی ئەو پێشێلكاریانە بداتەوە کە بەرانبەری کراوە، وتیشی، ئێران هەموو بژاردەكانی بۆ بەرگریكردن لە سەروەری و بەرژەوەندی گەلەکەی لەبەردەستدایە.
کاتژمێر ٢:٥٠ خولەکی بەرەبەیان دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بە فڕۆکەی جەنگی و مووشەکەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی ئێران.
دوای هێرشەکان، ترەمپ رایگەیاند، فۆردۆ کۆتاییهاتووە.