ئەمڕۆ پێنج شەممە وەزارەتی تەندروستی کۆماری ئیسلامی ئێران ژمارەی کوژرا و بریندارانی وڵاتەکەی لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا ڕاگەیاند و دەڵێت" زیاتر لە ٦٠٠ کەس کوژراون".
حسێن کرمانپوور بەرپرسی ئیدارەی پەیوەندییە گشتییەکان لە وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لە ئەنجامی ئەو هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، ٦٢٧ کەس کوژراون و چوار هەزار و ٨٧٠ برینداری لە پارێزگا جۆربەجۆرەکانی ئەو وڵاتەی لێکەوتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو، پارێزگاکانی تاران و کرماشان زۆرترین ژمارەی کوژرا و برینداریان لە ئەنجامی ئەو هێرشانە تۆمار کردووە.
ڕوونیشیکردەوە، پارێزگاکانی خوزستان و لوڕستان، ئەسفەهان و ئازەربایجان، هەمەدان، و زەنجان و گیلان لە ڕووی ژمارەی کوژرا و بریندارانی ئەم هێرشەدا پلەی سێیەم تا دەیەمی گرتووە.
حسێن کرمانپوور ئاماژەی بەوەشکردووە، ٨٦.١%ی بریندارەکان لە شوێنەکانی هێرشەکەدا کوژراون و ١٣.٩%ی دیکەش لە کاتی گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانەکان کوژراون.