سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ هەینی هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان لە ئێران بە "گەورەترین هێرشی ئاسمانی" لە مێژووی وڵاتەکەی وەسفکرد و دووپاتیکردەوە کە ئەو هێرشانە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیان "لەناوبردووە".
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند" هەر کەسێک گومانی هەبوو لەوەی کە پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێرانمان نەهێشت، درۆ دەکات، ئێمە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانمان نەهێشت و گەورەترین هێرشی ئاسمانیمان لە مێژوودا ئەنجامدا".
ترەمپ دەشڵێت" هەموو ئامانجێک کە لە ئێراندا پلانمان بۆ دانابوو بە تەواوی سڕینەوە، گەورەترین کەرەستەی جیهان و بەهێزترین سەربازیی جیهانمان هەیە".
سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت" یەکەم چالاکی سەربازیمان هێرشێکی زۆر بەهێز دەبێت لە دژی ئێران و ڕەنگە بەمزووانە لەگەڵ ئێرانییەکان کۆببینەوە".
وتیشی" ئێرانییەکان پێیان وتم دەیانەوێت ١٤ گوللـە ئاراستەی هێزەکانی ئەمریکا بکەن، پێشوەختە هەماهەنگییان لەگەڵمدا کردووە و منیش بەو کارە ڕازی بووم".
دۆناڵد ترەمپ ڕاشیگەیاند" پێش ئەوەی ئێران دەست بە بۆردومان بکات بنکەی ئاسمانی قەتەرمان چۆڵ کرد و بەڕاستی قەتەر مامەڵەیەکی نایابی لەگەڵ ئێمەدا کردووە".
ترەمپ ئاشکرای کرد کە ئەمڕۆ هەینی لە کۆشکی سپی پێشوازی لەو فڕۆکەوانانە دەکات کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان بۆردومان کردووە.