ئیلۆن ماسک حزبێکی نوێی راگەیاند

دوای ئەوەی لە پەیجی ئێکس پرسیاری لە شوێنکەوتووانی کرد کە ئایا پێویستە پارتێکی سیاسی نوێ لە ئەمریکا دابمەزرێت؟، ملیاردێری ئەمریکی ئیلۆن ماسک، دامەزرانی "پارتی ئەمریکا”ی ڕاگەیاند.

ئیلۆن ماسک دەڵێت: ئەمڕۆ پارتی ئەمریکا بۆ گەڕاندنەوەی ئازادیتان دامەزرا.

لە پۆستێکی پێشووتیردا، ماسک دووپاتی کردەوە کە یەکێک لە ڕێگاکانی جێبەجێکردنی پلانەکەی بۆ دروستکردنی لایەنی سێیەم بە ناوی "پارتی ئەمریکا” بریتییە لە ” تیشکخستنە سەر بەدەستهێنانی دوو یان سێ کورسی ئەنجومەنی پیران و لە نێوان هەشت بۆ دە ناوچەی کۆنگرێس لە ئەنجومەنی نوێنەران”.

ماسک دوای پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، ئەگەر پڕۆژە یاسای بودجە پەسەند بکرێت، ئەوا لایەنی سێیەم بە ناوی "پارتی ئەمریکا” دەهێنێتە ئارا.

لە پۆستێکی دیکەدا کە هاوکاتە لەگەڵ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی ڕۆژی سەربەخۆیی ئەمریکا، مەسک پرسیاری لە شوێنکەوتووانی خۆی لە تۆڕی ئێکس کرد سەبارەت بە بۆچوونیان دەربارەی بە بیرۆکەی دامەزراندنی لایەنی سێیەم بە ناوی "پارتی ئەمریکا” بۆ کێبڕکێ لەگەڵ پارتی کۆمارییەکان و دیموکراتەکان.

ئەنجامی ئەو ڕاپرسییەی کە لەلایەن ماسکەوە ئەنجامدرا، دەریخستووە کە لەسەدا ٦٥ی بەشداربووان کە یەکسانە بە نزیکەی یەک ملیۆن و ٢٥٠ هەزار کەس، دەنگیان بە "بەڵێ” داوە.

تا ئەم دواییانە، ماسک دۆستێکی نزیکی ترەمپ بووە، پێشتریش ٢٧٧ ملیۆن دۆلاری بەخشیوەتە هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەکەی.

ترەمپ ماسکی ڕاسپارد بۆ سەرۆکایەتی "بەشی کارامەیی حکومەت”، بەڵام کەمکردنەوەی باج و خەرجییەکان پەیوەندی نێوانیانی ئاڵۆزکرد و دۆستایەتیی نێوانیان گۆڕا بۆ دژیەکییەکی سەخت و ئێستاش بەم پارتە نوێیە ماسک دەیەوێت تۆڵە لە ترەمپ بکاتەوە.

مەسک یەکەم کەس نەبوو کە بیرۆکەی دروستکردنی لایەنی سێیەمی پێشنیار کرد. ترامپ خۆی پێشتر خواستی خۆی بۆ دامەزراندنی پارتێکی نوێی ڕاگەیاندبوو، بەڵام دواتر لە بیرۆکەکە پاشەکشەی کرد.



AM:09:27:06/07/2025