ئەمریکا پێنج دامەزراوەی پەیوەست بە پرۆگرامی درۆنی ئێرانی سزا دا

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای نوێی بەسەر پێنج  دامەزراوەی پەیوەست بە پرۆگرامی درۆنی ئێراندا سەپاند.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣١ی تەممووز،  نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، تۆڕێکیان خستووەتە لیستی سزاکانیانەوە، کە پێکهاتوون لە پێنج دامەزراوە و کەسایەتییەک لە ئێران، هۆنگ کۆنگ، تایوان و چین، کە هاوکاریی کۆمپانیای پیشەسازیی دروستکردنی درۆنی ئێرانیان کردووە.

وەزارەتەکە باسی لەوەش کرد، ئێران بەردەوامە لە پەرەپێدانی چەک و توانا سەربازییەکانی، بە تایبەتی درۆن، بۆ ئەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، هاوپەیمان و هاوبەشەکانی واشنتن لە ناوچەکە بکاتە ئامانج.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، ئەمەریکا لە رێگریکردن لە تواناکانی تاران بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە، بەردەوام دەبێت. 

ئەوەش لە کاتێکدایە چوارشەممە ٣٠ی تەممووز، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا گەورەترین پاکێجی سزاکانی دژ بە ئێران سەپاند کە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە بێ وێنە بووە.




AM:12:05:01/08/2025