بەهای دۆلاری ئەمەریکی لە بازاڕی ئازادی ئێراندا، بە تێپەڕاندنی سنووری سەد هەزار تمەن، گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی بێپێشینە و ئەمڕۆ لە بازاڕی تاراندا، یەک دۆلاری ئەمەریکی بە ١٠٠ هەزار و ٤٥٠ تمەن، مامەڵەی پێوە کرا.
چوارشەممە، ٢٧ی ئابی ٢٠٢٥، ماڵپەڕە چالاکەکانی بواری نرخی دراو و زێڕ، ڕایانگەیاند، بەهای دۆلار لە ماوەی یەک ڕۆژدا زیاتر لە سێ هەزار تمەن بەرزبووەتەوە، ئەمەش بە بەرزترین ئاست لە پێنج مانگی ڕابردوودا دادەنرێت. هاوکات لەگەڵ ئەم بەرزبوونەوەیەدا، نرخی سکە، زێڕ و دراوە بیانییەکانی تریش بەرزبوونەتەوە. هەر سکەیەکی شێوە نوێ (ئیمامی) لە بازاڕی تاراندا بە نرخێکی زیاتر لە ٩٢ ملیۆن تمەن فرۆشراوە.
شارەزایانی بازاڕ و ئابووری، هۆی سەرەکی ئەم بەرزبوونەوەی نرخی دراو و زێڕیان بۆ بە ئەنجام نەگەیشتنی دانوستانەکانی ئێران لەگەڵ سێ وڵاتی ئەورووپی (بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا) لەبارەی چالاککردنی سەپاندنەوەی سزاکان، دەگەڕێننەوە.