وەزیری دەرەوەی تورکیا هەڵوێستی نوێی وڵاتەکەی بەرامبەر ئیسرائیل ئاشکراکرد و دەڵێت" هەموو پەیوەندییەکی ئاسمانی و دەریایی و بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل دەپچڕێنین".
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لەمیانی وتارێکیدا ڕایگەیاند، بە تەواوی بازرگانییمان لەگەڵ ئیسرائیل پچڕاندووە، و ڕێگە نادەین کەشتییە تورکییەکان بچنە بەندەرەکانی ئیسرائیل، ڕێگەش نادەین فڕۆکەکانیان (ئیسرائیل) بێنە کایەی ئاسمانییمانەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، ڕێگە نادەین کۆمەڵگا دێرین و بەهادارەکانی سوریا لە چوارچێوەی ئەم ئامانجە چەوتانەدا (دژی یەکپارچەیی خاک) بقۆزرێنەوە.
هاکان فیدان راشیگەیاند" ئەو دڕندەییانەی لە غەززە ئەنجامدەدرێت وەک یەکێک لە تاریکترین لاپەڕەکانی مێژووی مرۆڤایەتی تۆمارکراوە".
فیدان هەڵوێستی وڵاتەکەی ئاشکراکرد و دەڵێت" دژی ئەو پلانەین کە پێشنیاری دەرکردنی گەلی فەڵەستین دەکات لە غەزە. لەلایەن هەرکەسێکەوە پێشکەش دەکرێت با بکرێت، پلانێکی لەو شێوەیە بەلای ئێمەوە هیچ بەهایەکی نییە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختیشیکردەوە، ئیسرائیل دوو ساڵە لە غەزە تاوانی جینۆساید ئەنجام دەدات و، بە بەرچاوی جیهانەوە بەها مرۆییە بنەڕەتییەکان پێشێل دەکات.