باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەڵامی رەخنەکانی ئەمریکا سەبارەت بە هێرش بۆ سەر قەتەر دەداتەوە.
چوارشەممە ١٠ی ئەیلول دانی دانۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە رادیۆی وڵاتەکەی ڕایگەیاند" ئیسرائیل هەمیشە بەپێی ئەو بەرژەوەندییانە هەڵسوکەوت ناکات کە خزمەت بە هاوپەیمانەکەی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات".
قسەکانی باڵیۆزی ئیسرائیل دوای ئەوە هات کە واشنتۆن ڕەخنەی لەو هێرشانە گرت کە سەرکردەکانی حەماسیان لە قەتەر کردە ئامانج.
دانۆن دەشڵێت" ئێمە لەگەڵ ئەمریکا هەماهەنگی دەکەین و ئەوانیش پشتیوانییەکی زۆرمان پێشکەش دەکەن، ئێمە سوپاسگوزاری ئەوەین، بەڵام هەندێک جار بڕیار دەدەین و دواتر ویلایەتە یەکگرتووەکانیان لێ ئاگادار دەکەینەوە".
ئەو جەختی لەوە کردەوە کە هێرشەکە قەتەری نەکردووەتە ئامانج، بەڵکو هێرشێک بوو بۆ سەر حەماس، ئێمە دژی قەتەر نین و دژی هیچ وڵاتێکی عەرەبیش نین، ئێمە دژی ڕێکخراوێکی تیرۆریستین.