لەندەن ژمارەیەک میلیشیای سوری سەر بە تورکیا سزا دەدات

‌وێنەیەکی میلیشیا سوریەکانی سەر بە تورکیا


حکومەتی بەریتانیا سزای بەسەر 6 کەسایەتی و 3 گرووپی چەکداریی سووریادا سەپاند، لەنێویاندا ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیای تێدایە.

نووسینگەی دەرەوە و گەشەپێدانی بەریتانیا رۆژی هەینی ١٩ ی کانوونی یەکەم بڵاویکردەوە کە هەریەک لە فیرقەی حەمزە، فیرقەی سوڵتان موراد و فیرقەی سوڵتان سولەیمان شاهـ کە هەرسێ کیان سەر بە تورکیان بەهۆی تێوەگلانیان لە سەرکوتکردنی خەڵکی سڤیل و تووندوتیژیی تائیفی سزا دەدرێن.

ئیڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ناوی ئەو فەرماندەنەشی راگەیاندووە کە خراونەتە لیستی سزاکانەوە، ئەوانیش ( محەممەد حوسێن جاسم ناسراو بە ئەبو عەمشە؛ سەیفەدین بۆلاد ناسراو بە ئەبوبەکر؛ میقداد لوئەی فاتیحە و غەیس سولەیمان دەللــە).

بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، ئەو فەرماندانە تۆمەتبارن بە تێوەگلان لە سەرکوتکردنی خەڵکی سڤیل لە کاتی شەڕی نێوخۆ و ئەنجامدانی پێکدادانی خوێناوی لە ناوچە کەناراوییەکانی سووریا لە ئاداری ٢٠٢٥ کە تێیدا پێکهاتەی عەلەوییەکان کرانە ئامانج.

ئیڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیێندراوێکدا ئەو سزایانەی وڵاتەکەی راگەیاند کە بە سەر ئەو گرووپانەدا دەسەپێنریت کە بلۆککردنی سەرمایە و قەدەغەی گەشتکردن بۆ بەریتانیا.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا جەختیکردەوە کە لێپرسینەوە و دادپەروەری بۆ هەموو سووریاییەکان گرنگە بۆ مسۆگەرکردنی چارەسەرێکی سیاسیی سەرکەوتوو و بەردەوام لە سووریا.

پێشتریش لە ئایاری ٢٠٢٥، یەکێتیی ئەورووپا سزای هاوشێوەی خستبووە سەر بەشێک لەو گرووپ و فەرماندانە.




PM:08:28:19/12/2025