ناتانیاهو بۆ ئێران: ئەمجارە زۆر سەخت دەبێت

بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هۆشداری دایە ئێران لە سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی توانا ئەتۆمی و بالیستییەکانی و ڕایگەیاند کە لێکەوتەکانی ئەنجامدانی ئەم کارە " زۆر سەخت دەبن".

ناتانیاهو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (فۆکس نیوز)ی ئەمریکی وتی" ئێران هەوڵ دەدات تواناکانی ئەتۆمی لەو شوێنانەدا سەرلەنوێ بنیات بنێتەوە کە بۆردومان نەکراون، هەروەها هەوڵ دەدات توانای بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی بەدەست بهێنێتەوە".

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕاشیگەیاند،" دوو هەفتە لەمەوبەر، زانیاریم پێگەیشت سەبارەت بە مانۆڕە سەربازییەکان کە هەڵدانی مووشەکی بالیستی لەخۆگرتبوو، ئەو کاتە وتم کە لێکەوتەکانی ئەم کارە زۆر سەخت دەبێت".

سەبارەت بە بارودۆخی غەززە، ناتانیاهو ئاماژەی بەوە کرد کە " بزووتنەوەی حەماس بەڵێنی داماڵینی چەکەکەی داوە، بەڵام هێشتا ٦٠ هەزار تفەنگی لەبەردەستدایە".

هەروەها وتیشی: " پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ لە غەززە ئەگەری هەیە، بەڵام دەبێت حەماس نەمێنێت".



AM:10:03:31/12/2025