هاوکات لەگەڵ خۆپشاندانەکانی خەڵکی ئێران وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پەیامێکدا جەختی کردووەتەوە هۆکاری سەرەکیی داڕمانی ئابووری و دابەزینی بەهای تمەن، "سەرکوتکاری و گەندەڵی"ی دەسەڵاتدارانی تارانە و وتی" پشتیوانی لە داواکارییە ڕەواکانی گەلی ئێران دەکەین".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەبۆنەی ساڵی نوێی ٢٠٢٦ پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند" گەلی ئێران شایستەی ئەوەن سامانی وڵاتەکەیان بۆ خۆیان خەرج بکرێت نەک بۆ ناسەقامگیریی ناوچەکە".
لە پەیامەکەدا هاتووە "هیوای ساڵێکی نوێ بۆ گەلی ئێران دەخوازین کە تێیدا ڕێز لە کەرامەت و مافەکانیان بگیرێت. ٢٠٢٦ دەبێت ببێتە ساڵێک کە تێیدا دەنگی ئێرانییەکان چیتر پشتگوێ نەخرێت."
جەختی کردووەتەوە هۆکاری سەرەکیی داڕمانی ئابووری و دابەزینی بەهای تمەن، "سەرکوتکاری و گەندەڵی"ی دەسەڵاتدارانی تارانە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕەخنەی توندی لە بڕیاری حکومەتی ئێران گرت بۆ ڕاگەیاندنی پشووی فەرمی لە ٢١ پارێزگای ئەو وڵاتە بە بیانووی "قەیرانی وزە". ئەمریکا ئەم هەنگاوەی بە "هەوڵێکی شکستخواردوو" ناوبردووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شەقام و ڕێگری لە خۆپێشاندانەکان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت "جیهان دەبینێت کە تاران چۆن پەنا بۆ پشووی زۆرەملێ دەبات تاوەکو ڕێگری لە دەنگی ناڕەزایەتیی هاوڵاتییان بکات. خامۆشکردنی شەقامەکان لە ڕێگەی پشوو یان بڕینی ئینتەرنێت، ناتوانێت چارەسەری قەیرانە قووڵەکان بکات."
ماوەی ٤ ڕۆژە بەهۆی داڕمانی بەرچاوی نرخی تمەن و ئابووری لە ئێران لانیکەم ١٩ شاری ئێران لەوانە تاران، کەرەج، هەمەدان و کرماشان، بوونەتە مەیدانی خۆپێشاندانی جەماوەری دژ بە بارودۆخی خراپی بژێوی ژیان.