ترەمپ: سەبارەت بە ئێران بژاردەی زۆر بەهێزمان لەبەرچاوە بۆ ئەوەی بڕیاریان لەسەر بدەین

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای دەکات، بەرپرسانی ئێران پەیوەندیان پێوەکردووە و داوای دانوستاندنیان کردووە و دەڵێت" ئێمە بژاردەی زۆر بەهێزمان لەبەرچاوە بۆ ئەوەی بڕیاریان لەسەر بدەین".

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە کەناڵی ئاسمانی )فۆرس یەک( وتی" ئێران پێوەندی پێوەکردویین بۆ ئەوەی دانوستانیان لەگەڵ بکەین".

ترەمپ بە پەیامنێرێکی وتووە، "بەڵێ، بەڵێ، دوێنێ پەیوەندییان کرد"، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.

وتییشی" سەرکردەکانی ئێران دەیانەوێت قسە بکەن، پێموایە بێزارن لەوەی لەلایەن ئەمریکاوە لێیان بدرێت".

سەرۆکی ئەمریکا زیادی کرد" ڕەنگە لەگەڵیان کۆببینەوە، مەبەستم ئەوەیە کۆبوونەوەکە پلانی بۆ دانراوە، بەڵام ڕەنگە ناچار بین هەنگاو بنێین بەهۆی ئەوەی ڕوویداوە".

بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتەکانی کوشتنی بەرفراوانی خۆپیشاندەران و ئایا ئێران "هێڵی سوور"ی بەزاندووە یان نا، ترەمپ راشیگەیاند "پێدەچێت ئەوان (هێڵی سووریان بڕیوە) ... دیارە خەڵکیان کوشتووە، کەسانێک کە بڕیار نەبوو بکوژرێن. ئەمە توندوتیژییە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "نازانم دەتوانن بە سەرکردە ناویان ببەن، بەڵام پێدەچێت تەنها لەڕێگەی توندوتیژیەوە حوکمڕانی بکەن. ئێمە بیر لە بژاردەکان دەکەینەوە، سوپای ئەمریکا بیریان لێدەکاتەوە. ئێمە بژاردەی زۆر بەهێزمان لەبەرچاوە بۆ ئەوەی بڕیاریان لەسەر بدەین".


ناڕەزایەتییەکان لە ئێران لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ دەستیپێکرد و ئێستا زیاتر لە دوو هەفتەیە بەردەوامە و بەشدارییەکی بەرچاو لە شارە گەورە و بچووکەکانی سەرتاسەری وڵاتدا هەیە.

ماوەی سێ رۆژە ئینتەرنێت وهێڵی تەلەفۆن لە سەرتاسەری وڵات لە وەڵامی خۆپیشاندانەکاندا پچڕاوە.

 ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە زیانی گیانی و دەستگیرکردنی بەربڵاوی خۆپیشاندەران و وەڵامدانەوەی سەرکوتگەرانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەکەن.

ناڕەزایەتییەکان لەسەر قەیرانی ئابووری، داڕمانی دراو، هەڵاوسان، و بژێوی ژیان دەستی پێکرد، بەڵام درێژبووەتەوە بۆ داخوازییە سیاسییەکان.

بە گوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەوماوەیەدا زیاتر لە ١٩٢ خۆپشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تەقەی راستەوخۆ کوژراون.





 




AM:09:14:12/01/2026