سەرۆکی ئەمریکا لە تازەترین قسەکانی جەخت لەوەدەکاتەوە کە
هێزێکی زەبەلاحی سەربازیان بەرەو ناوچەکەو
دەریاکانی نزیک ئێران جو ڵاندووە و هۆشداری تووند دەداتەوە دەسەڵاتدارانی تاران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا لەبارەی دوایین
پێشهاتەکانی گرژیی نێوان وڵاتەکەی و کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، کەشتیگەلێکی
جەنگیی گەورە و ئامادەیان بەرەو ناوچەکە جووڵاندووە. ترەمپ وتی "لە نزیکەوە
چاودێریی هەنگاوەکانی ئێران دەکەین، لەوانەشە ناچار نەبین ئەو هێزە بەکاربهێنین،
بەڵام دەبینین چی روودەدات."
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد کە دەستوەردانی راستەوخۆی ئەو
بووەتە هۆی راگرتنی بڕیاری لەسێدارەدانی سەتان گەنج لە ئێران کە بەشدارییان لە
ناڕەزایەتییەکان کردبوو.
ترەمپ دەشڵێت "رۆژی پێنجشەممە رێگریم لە لەسێدارەدانی ٨٣٧
کەس کرد، کە زۆربەیان پیاوی گەنج بوون. ئەوان ئێستا مردبوون ئەگەر ئێمە
نەبووینایە، چونکە تاران دەیویست هەموویان هەڵواسێت."
ترەمپ زیادی کرد: باجی ٢٥%ی
لەسەر هەر قەوارە و وڵاتێک کە کارلێک لەگەڵ ئێران بکات، زۆر بەم زووانە جێبەجێ دەکرێت.
وتەکانی ترامپ لە کاتێکدایە کە بەردەوامی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا
و ئێران لە زیاتر لە ئاستێکدا پەرەی سەندووە، لە سزا ئابوورییە بەرفراوانەکانەوە کە
لە ساڵانی ڕابردوودا کەرتی نەوت و بانکی ئێرانی کردۆتە ئامانج، تا دەگاتە خولی یەک
لە دوای یەک لە پەرەسەندنی سەربازیی ناڕاستەوخۆ لە عێراق، سوریا و کەنداوی فارس، هەروەها
هەڕەشەی دووبارەبوونەوەی کەڵک وەرگرتن لە "بژاردەی سەربازی" لە دژی دامەزراوە
هەستیارەکانی ناوخۆی ئێران.
بازنە سیاسییەکان پێیان وایە کە ٢٥%ی باج لەسەر هەر قەوارەیەک
کە بازرگانی لەگەڵ ئێراندا بکات، خولێکی نوێی سیاسەتی "خنکاندنی ئابووری"یە
کە حکومەتی ئەمەریکا پەسەندی دەکات، نەک تەنها بۆ فشارخستنە سەر تاران، بەڵکو بۆ فشارخستنە
سەر هاوبەشە بازرگانییەکانی و پاڵنانیشیان بۆ کەمکردنەوەی مامەڵەکانیان لەگەڵ ئێران،
لەنێویاندا ئەو وڵاتانەی کە زۆر پشت بە بازرگانی لەگەڵ ئێران دەبەستن بۆ وزە و کاڵای
جەوهەری.
قسەکانی ترەمپ سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی لەسێدارەدانەکان دوای
هەڕەشەکردن لە ئەگەری هێرشی سەربازی، تۆماری مافەکانی مرۆڤ لە ناوخۆی ئێران و ڕۆڵی
لە یاری فشاری سیاسیدا دەخاتە بەرچاو. واشنتۆن هەوڵ دەدات جەخت لەوە بکاتەوە کە گوشارەکانی
دەتوانێت کاریگەری لەسەر "ڕەفتاری" ڕژیمی ئێران هەبێت، لە کاتێکدا تاران
ئەمەریکا تۆمەتبار دەکات بەوەی کە دۆسیەکە دەقۆزێتەوە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ پەرەسەندنی
گرژییە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەکان کە لە ناوەوە پێکهاتەی ڕژیم دەکاتە ئامانج،
لەگەڵ هەموو ئەو مەترسیانەی کە بۆ سەقامگیری ناوچەکە بە گشتی و وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەتی،
لە نێویاندا عێراقدا رووبەرووی دەبێتەوە.
ناڕەزایەتییەکان لە ئێران لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ دەستیپێکرد و ئێستا زیاتر لە دوو هەفتەیە بەردەوامە و بەشدارییەکی بەرچاو لە شارە گەورە و بچووکەکانی سەرتاسەری وڵاتدا هەیە.
ماوەی زیاتر لە ١٥ رۆژە هێڵی تەلەفۆن و ئینتەرنێت لە سەرتاسەری وڵات لە وەڵامی خۆپیشاندانەکاندا پچڕاوە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە زیانی گیانی و دەستگیرکردنی بەربڵاوی خۆپیشاندەران و وەڵامدانەوەی سەرکوتگەرانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەکەن.
ناڕەزایەتییەکان لەسەر قەیرانی ئابووری، داڕمانی دراو، هەڵاوسان، و بژێوی ژیان دەستی پێکرد، بەڵام درێژبووەتەوە بۆ داخوازییە سیاسییەکان.