سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند'' هێزێکی دەریایی گەورە و بێوێنە بەرەو کەناراوەکانی ئێران بەڕێکەوتووە.''
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکۆڵن" سەرۆکایەتی ئەم کاروانە دەکات و جەختی کردەوە کە قەبارەی ئەم هێزە زۆر گەورەترە لەو کاروانە سەربازییەی پێشتر بۆ ڤەنزوێلا نێردرابوو.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە هێزەکانیان بە خێرایی و حەماسەتێکی زۆرەوە دەجوڵێن و توانای ئەوەیان هەیە ئەرکەکانیان بە توندترین شێوە جێبەجێ بکەن.
ترەمپ وتی'' هێزەکەمان وەک ئەوەی ڤەنزوێلا ئامادەیە، بەڵام هیوای خواست کە ئێران پێش هەڵگیرسانی شەڕ، بێتە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە.''
ترەمپ لە پەیامەکەیدا هێرشە وێرانکەرەکانی پێشووی بیر ئێرانییەکان هێنایەوە و ڕایگەیاند'' پێشتر پێم وتن ڕێککەوتن بکەن، نەتانکرد و ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو ڕوویدا".
هۆشداریشی دا کە ئەگەر تاران لەسەر هەڵوێستەکانی بەردەوام بێت، هێرشی داهاتوو زۆر لەوەی پێشوو خراپتر و وێرانکەرتر دەبێت، و داوای لێکردن نەهێڵن مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە.