ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، سەرۆکی کاتی سووریا گەیشتە مۆسکۆ و لەلایەن سەرۆکی ڕووسیاوە پێشوازی لێکرا. لە میانی کۆبوونەوەکەدا، پووتین پیرۆزبایی خێرابوونی پڕۆسەی یەکخستنەوەی خاکی سووریای لە ئەحمەد شەرع کرد و جەختی کردەوە کە مۆسکۆ وەک هەمیشە پشتیوانی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە دەبێت.
ڤلادیمیری پوتن، لە دیدارەکەدا ئاماژەی بە گرنگیی گەڕانەوەی ناوچەکانی فورات کرد و وەک هەنگاوێکی ستراتیژی و کلیلی گەڕانەوەی شکۆ و سەقامگیری بۆ سەرانسەری سووریا وەسفی کرد.
لای خۆشیەوە، ئەحمەد شەرع ستایشی هەڵوێستە نەگۆڕەکانی ڕووسیای کرد و ڕایگەیاند'' وڵاتەکەی توانیویەتی بەسەر کۆسپە گەورەکاندا سەربکەوێت و ئێستا لە قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکاندان.''
هەردوو سەرۆک ڕێککەوتن لەسەر پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە بوارە سەربازی و ئابوورییەکاندا. ڕووسیا ئامادەیی تەواوی نیشان دا کە لە ڕێگەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بیناسازییەوە بەشدارییەکی کاریگەر لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی سووریادا بکات، هاوکات جەخت لە پاراستنی دەستکەوتە بازرگانییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی نێوان هەردوو وڵات کرایەوە.