وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، سبەی هەینی عەباس عێراقچی بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە ئەنقەرە. ئەم گەشتە لە کاتێکدایە کە مەترسی جەنگ لە ناوچەکە و گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.
میدیای جیهانی ئاماژە بەوە دەکەن کە تورکیا دەیەوێت ڕۆڵی نێوەندگیر لە نێوان تاران و واشنتۆندا بگێڕێت. بڕیارە هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، پێشنیازێکی فەرمی بخاتە بەردەم هاوتا ئێرانییەکەی تاوەکو لە ڕێگەی گفتوگۆوە ڕێگری لە پێکدادانی سەربازی بگیرێت، ئەمەش وەک هەوڵێکی ئیقلیمی بۆ دوورخستنەوەی جەنگ لە سنوورەکانی تورکیا دەبینرێت.
بەپێی زانیارییەکان، تورکیا جارێکی دیکە پەیامی پشتیوانی خۆی دەگەیەنێتە تاران و ڕایدەگەیەنێت کە بە توندی دژی هەر هێرشێکی سەربازییە بۆ سەر ئێران.
هاوکات، ئەنقەرە سەقامگیری ناوخۆیی ئێران بە پارێزەری ئاسایشی خۆی دەزانێت و لەم دیدارەدا جەخت دەکرێتەوە کە دەستوەردانی دەرەکی تەنها قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە و چارەسەر لای دیپلۆماسییە.