لیندزی گراهام بۆ تورکیا: توندوتیژی بەکارمەهێنن سەرۆک ترەمپ شەرمەزار مەکەن

‌وێنەیەکی ئەریشیفی نێوان ئیلهام ئەحمەد و گراهام

لیندزی گراهام سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان لە لێدوانێکیدا لە بارەی کوردەوە، دەڵێت " دەزانم هەستت چۆنە، گەر ئەمە بکەیت مەترسیەکە لە سەرشانی خۆتە".
 
لیندزی گراهام سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان لە لێدوانێکی تایبەتەدا بۆ تیڤی رووداو لە بارەی شەڕی حکومەتی کاتی و دەستوەردانەکانی تورکیاوە دەڵێت" تۆ ئەجێندایەکت هەیە کە پێموایە بۆ ناوچەکە خراپە".

هەروەها هۆشداریشی دایە تورکیا وتی"سەرۆک ترەمپ شەرمەزار نەکەن و تووندوتیژی وەک چارەسەر بەکارنەهێنن"، هاوکات ئاشکرای کرد کە گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی سعودیە کردووە، سعودیە هەوڵ دەدات دۆخەکە هێور بکاتەوە و دەیانەوێت هاوکار بن.
 
لە بارەی پڕۆژە یاسایەی بۆ پاراستنی کوردی رۆژئاوای کوردستان پێشکێشی کردووە، لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکان وتی، "پشتیوانییەکی بەهێزی هەردوو پارتەکە (کۆماری و دیموکرات) هەیە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو کوردانەی یارمەتییان داین بۆ تێکشکاندنی داعش، کۆمەڵکوژ نەکرێن".
 
لیندزی گراهام ئاماژەی بەوەش کرد، کورد بەشی هەرەزۆری شەڕی تێکشکاندنی داعشی لەئەستۆ بوو وتی، "جێهێشتنیان ئابڕووچوون دەبێت بۆ وڵاتەکەمان و ئەوان شایستەی ئەوە نین.
 
گراهام باسی لە پڕۆژەیاسای "پاراستنی کورد" (Save the Kurds Act) کرد کە رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ سیناتۆر ریچارد بلومێنتڵی دیموکرات پێشکێشیان کردووە. ئامانج لەم پڕۆژەیاسایە سەپاندنی سزایە بەسەر بەرپرسانی حکومەتی سووریا، دامەزراوە داراییەکان و هەر کەس و لایەنێکی بیانی کە هاوکاریی سەربازی یان دارایی دیمەشق دەکەن، ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر هەسەدە بەردەوام بن.
 
گراهام جەختی لە رۆڵی سەرەکیی کورد کردەوە لە شەڕی دژی داعش و وتی: "ئەوان لەوێ بوون و بەشی هەرەزۆری شەڕی تێکشکاندنی داعشیان کرد." بە گوتەی گراهام، پشتکردنە کورد لەم کاتەدا متمانەی ئەمریکا و سەقامگیریی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.
 
سیناتۆرە کۆمارییەکە بە رووداوی گوت: "هەر چارەسەرێک بۆ داهاتووی سووریا، نابێت بە کوشتنی دروز و کوشتنی کورد بێت."
 
پڕۆژەیاسای "پاراستنی کورد" پشتیوانییەکی بەهێزی هەردوو پارتەکەی لە کۆنگرێس بەدەستهێناوە. پڕۆژەکە تەنیا سزادانی ئەوانە نییە کە هێرش دەکەنە سەر هەسەدە، بەڵکو دان بە رۆڵی هێزە کوردییەکاندا دەنێت لە تێکشکاندنی داعش و بڕگەیەکیشی تێدایە کە دەسەڵات دەداتە سەرۆکی ئەمریکا سزاکان هەڵپەسێرێت ئەگەر هێرشەکان بوەستن.




PM:10:18:30/01/2026