ئەردۆغان و سودانی باسی " تیرۆر " دەکەن بەبێ ناوهێنانی پەکەکە


ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا پەیوەندیەکی تەلەفونی لەگەڵ سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجام دەدات، لە راگەیاندنی هەردوولادا باسی روبەڕوبوونەوەی " تیرۆر " هاتووە، بەڵام باسی پەکەکە وەک جارانی پێشوو بە ئاشکرا نەهاتووە. 

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
 
بەپێی راگەیێندراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ئەمڕۆ هەینی ١٣ ی شوبات، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامدا، بەپێی راگەیاندنی هەردوولا ئاماژە بەوە کراوە کە تورکیا و عێراق بەردەوام دەبن لە هەنگاونان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لە چەندین بوار، بەتایبەتی بواری بازرگانی و ئەوەشی خستوەتەڕوو کە زیادکردنی هاوئاهەنگی لە بواری روبەڕوبوونەوەی "تیرۆر"دا لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتدایە.

لە راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا هاتووە" تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ڕێگاکانی گەشەپێدانیان کرد بەجۆرێک کە هاوکارییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا بەهێزتر بکات، بەتایبەتی سەبارەت بە پڕۆژەی ستراتیژی (ڕێگای گەشەپێدان) و ئەو گرنگییە ئابووری و وەبەرهێنانەی کە هەیەتی، جگە لە گەڕان بەدوای ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات".

هەروەها هاتووشە" هەردوولا بەدواداچوون بۆ پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، و پێویستی هەماهەنگی ئەمنی هاوبەش و بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆر، و بەردەوامبوون لە کارکردن بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی گفتوگۆکان و پەنابردن بۆ چارەسەری ئاشتییانە، و ڕێگریکردن لە فراوانبوونی ململانێکان بە مەبەستی دوورخستنەوەی ناوچەکە و گەلانی لە مەترسییەکانی جەنگ".

ئەو پەیوەندیە تەلەفونییە کاتێک ئەنجامدرا، رۆژی دووشەممەی رابردوو هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بە میدیاکانی راگەیاندبوو گۆڕانکاری لە دۆخی شەنگال و مەخمور روودەدات و ئامادەیی هێزەکانی وڵاتەکەی راگەیاند کە دەتوانن لەگەڵ هێزی حەشدی شەعبی هێرش بۆ سەر شەنگال و مەخمور بکەن. ئەمەش ناڕەزایەتییەکی زۆری لە ناو ناوەندی سیاسی عێراقدا دروستکرد و وەزارەتی دەرەوە باڵوێزی تورکیا لە عێراق بانگهشتکردو نیگەرانی وڵاتەکەی پێگەیاند.




PM:07:34:13/02/2026