بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئێران وئەمریکا و ئەگەری دەستپێکردنی شەڕ سوپای پاسدارانی ئێران خەریکی ئامادەکردنی حزبوڵای لوبنانە بۆ شەڕ.
بە پێی ڕاپۆرتی ئەلعەرەبییە، سەرچاوەکانی نزیک لە گرووپی حیزبوڵا ڕایانگەیاندووە کە ئەو گرووپە بە شێوەیەکی کاریگەر کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی هێزی ئاسمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەگەری شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بەڕێوە دەچێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەرپرسانی سوپای پاسداران کە هەندێکیان بەم دواییە لە ئێرانەوە گەیشتوونەتە لوبنان، ئەرکی ئاوەدانکردنەوەی توانا سەربازییەکانی حزبوڵایان پێسپێردراوە و بەشێوەیەکی شەخسی هێزەکانی ئەو گرووپە لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی لوبنان ئاڕاستە دەکەن.
سەرچاوەکان هەروەها ئاشکرایان کردووە کە سوپای پاسداران لەگەڵ ئەندامانی یەکەی موشەکی حزبوڵا لە شوێنێک لە دۆڵی بێکاع لە لوبنان کۆبووەتەوە. ئەو شوێنە ئێوارەی ڕۆژی هەینی لە شەپۆلێکی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا کرایە ئامانج.
لەو هێرشانەدا لانیکەم ٥٠ کەس بریندار بوون و ١٢ کەسیش کوژران کە یەکێکیان ئەندامێکی باڵای حزبوڵا بوو.