ئەردۆغان: تورکیا هەوڵی زیادکردنی دۆست و هاوپەیمانە نوێیەکان دەدات


سەرۆک کۆماری تورکیا، لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا رایگەیاند'' وڵاتەکەی ستراتیژییەکی نوێی گرتووەتەبەر بۆ فراوانکردنی بازنەی دۆستایەتییەکان.''

رەجەب تەیب ئەردۆغان، دووشەممە ٢٣ی شوبات وتی'' ئەنقەرە لەم قۆناغەدا نایەوێت ناکۆکییەکان قووڵ بکاتەوە یان ببێتە لایەن لە دروستکردنی کێشەی نوێ، بەڵکو ئامانجی سەرەکی گۆڕینی نەیارەکانە بۆ هاوبەشی ستراتیژی.''

سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە جیهان بە دۆخێکی هەستیار و گۆڕانکاریی گەورە لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا تێدەپەڕێت، هەر بۆیە تورکیا هەوڵ دەدات لەبری قووڵکردنەوەی کێشەکان، هاوپەیمانییەکانی بەهێزتر بکات. 

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆککۆماری تورکیا داوای لە وڵاتانی ناوچەکە کرد کە ڕێز لە سەروەریی و مافە یاساییەکانی تورکیا بگرن، هەروەک چۆن ئەوانیش ڕێز لە سەروەریی وڵاتانی دیکە دەگرن.

دووپاتی کردەوە کە تەنیا ئامانجیان لەم سەردەمەدا زیادکردنی ژمارەی دۆستەکانە نەک دروستکردنی دوژمنایەتی نوێ.

ئەمە لە کاتێکدایە، تورکیا لە چەندین وڵاتی ناوچەکە دەستوەردانت سیاسی و سەربازی هەیە لەوانەش لیبیا و سوریا و عێراق و هەرێمی کوردستان. 

تورکیا لە هەرێمی کوردستان و سوریا هێزێکی سەربازی زۆری جێگیر کردوە بە بیانوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و ئاسایشی کە چەندین بنکەی سەربازیش بوونی هەیە.





PM:11:20:23/02/2026