ترەمپ رازی نییە لە گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران


دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رازی نییە لە گفتوگۆکان  و جەختی کردەوە کە چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی هەینی وتووێژی زیاتر دەربارەی ئێران ئەنجام بدرێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە هێشتا هیچ بڕیارێکی کۆتایی سەبارەت بە دۆسیەی ئێران نەداوە.

ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان کە رۆژی ٢٧ ی شوبات پێش ئەوەی کۆشکی سپی بەرەو ویلایەتی تێکساس جێبهێڵێت، ڕایگەیاند " ئەو لە ئێران ڕازی نییە و جەختیشی کردەوە کە تاران "نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".

ڕوونیشی کردەوە کە ئارەزوو دەکات بگاتە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە کرد کە نایەوێت هێزی سەربازی لە دژی بەکاربهێنێت، "بەڵام هەندێک جار ئەوە پێویست دەبێت".

سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە پێشبینی دەکرێت وتووێژی زیاتر لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی ئێران بەڕێوەبچێت.

ڕۆژی پێنجشەممە، لە جنێڤ گەڕی سێیەمی وتووێژەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە نێوەندگیری وڵاتی عومان بەڕێوەچوو، کە وەک یەکێک لە کۆتا دەرفەتەکان بۆ دوورکەوتنەوە لە شەڕ هەژمار کرا.

لە کاتی دانوستانەکانی دوێنێدا، ٥ داواکاری پێشکەش کران کە ئەمانە بوون:

١. تێکدانی هەر سێ وێستگە ئەتۆمییەکە (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان).
٢. ڕادەستکردنی تەواوی بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
٣. جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە سزاکان و سنووردارکردنەکان هەمیشەیی بن و کاتی دیاریکراویان نەبێت (بە پێچەوانەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥).
٤. ڕاگرتنی تەواوەتی پیتاندنی یۆرانیۆم، لەگەڵ ڕێگادان بە هێشتنەوەی کورەی ئەتۆمی تاران.
٥. کەمکردنەوەیەکی سنوورداری سزاکان لە سەرەتادا (وەک هەنگاوێکی نیازپاکی)، و کەمکردنەوەی زیاتری سزاکان.

ئەوە لە کاتێکدایە کە لەسەر زەوی بارگژییەکان سات بەسات زیاتر دەبن و وڵاتانی ئەوروپی و ئاسیاوی هاوڵاتیانیان ئاگادار دەکەنەوە کە هەرچی زووە ئێران جێبێهێڵن. 




PM:10:13:27/02/2026