کەسێک به‌ ئاڵای ئێرانه‌وه‌ له‌ ته‌كساس سێ كه‌سی كوشت

بەیانی ڕۆژی یەکشەممە لە ناوەندی شاری ئۆستنی ویلایەتی تێکساس، هێرشێکی تەقەکردن ڕوویدا و بووە هۆی کوژرانی سێ کەس و برینداربوونی ١٤ کەسی دیک هێرشەبەرەکەش ئاڵانی ئێرانی لەباردابووە. 

ئەم ڕووداوەش لە کاتێکدا بوو کە هێرشبەرەکە بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری SUV لە دەوروبەری پارکێک سوڕاوەتەوە و دواتر دەستی بە تەقە کردووە.

سەرچاوە ئەمنییەکان ئاشکرایان کردووە کە تۆمەتبارەکە پیاوێکی تەمەن ٥٣ ساڵی ئەمریکی-سەنیگالییە و دانیشتووی شاری پفلۆگەرڤیلە، لە کاتی هێرشەکەدا جلوبەرگێکی پۆشیوە کە وشەی "الله"ی لەسەر بووە و ئاڵای ئێرانی لە خۆی ئاڵاندووە، ئەمەش وایکردووە دەزگای FBI بەدواداچوونی ورد بۆ ڕەهەندەکانی پشت ڕووداوەکە بکات.

ئۆفیسی سان ئەنتۆنیۆی دەزگای FBI ڕایگەیاندووە کە بەهۆی ئەو نیشانە و هێمایانەی لەسەر جەستە و ناو ئۆتۆمبێلی هێرشبەرەکە دۆزراونەتەوە، ڕووداوەکە وەک "کردەوەیەکی تیرۆریستیی ئەگەری" مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، هەرچەندە بەرپرسانی ئەمنی جەخت دەکەنەوە کە هێشتا زووە بۆ دیاریکردنی تەواوەتی پاڵنەرە ڕاستەقینەکانی پشت ئەم هێرشە.

ئەم هێرشە لە کاتێکی زۆر هەستیاردا دێت کە تێیدا گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە لوتکە، بەتایبەت دوای ئەو هێرشە هاوبەشەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کە تێیدا چەندین سەرکردەی باڵای ئەو وڵاتە و لە نێویشیاندا عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران گیانیان لەدەستداوە.




AM:12:13:02/03/2026