وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشدارییەکی بە پەلەی بڵاوکردوەتەوە سەبارەت بە داخستنی کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە پارێزگای ئەدەنە و داوا دەکات هاوڵاتیانی گەشت بۆ تورکیا دەکات.
دوو شەممە، ٩ ئادار ٢٠٢٦، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردوەتەوە کە فەرمانی بە کارمەندە حکومییە نائاساییەکانی ئەمریکا و خێزانەکانیان کردووە کە بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە شاری ئەدەنە جێبهێڵن. هەروەها کونسوڵخانەکە سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی راگرتووە.
وەزارەتەکە داوا لەو هاووڵاتییە ئەمریکییانە دەکات کە ئێستا لە باشووری رۆژهەڵاتی تورکیان، دەستبەجێ ناوچەکە جێبهێڵن.
هۆشدارییەکە بۆ ناوچەکانی باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا خراوەتە "ئاستی 4" واتە گەشت مەکە.
وەزارەتەکە داوا لە هاووڵاتییانی دەکات بۆ مامەڵە و خزمەتگوزارییە کونسوڵییەکان، لە جیاتی ئەدەنە، سەردانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەنقەرە یان کونسوڵخانەی گشتی لە ئیستەنبوڵ بکەن.
ئەو ناوچانەی ئەمریکا داوا دەکات گەشتیان بۆ نەکرێت، پارێزگاکانی وەک ئەدەنە، ئامەد، دیلۆک، مێردین، وان، شرناخ، هەکاری و چەندین پارێزگای دیکە دەگرێتەوە، "مەترسییەکی زۆری سەرهەڵدانی هەستی دژە-رۆژئاوا، بەتایبەتی دژە-ئەمریکا و دژە-ئیسرائیل هەیە".
لە بەشێکی دیکەی هۆشدارییەکەدا باس لە دۆخی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین لە تورکیا کراوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دەدات کە حکوومەتی تورکیا پشت بە بەڵگەی زۆر کەم دەبەستێت بۆ دەستگیرکردنی خەڵک لە نێویاندا هاووڵاتیانی ئەمریکی بە تۆمەتی پەیوەندییان بە "گرووپە تیرۆریستییەکانەوە".
هەروەها ئاگاداری هاوڵاتییانی دەکاتەوە کە "رەخنەگرتن لە حکومەت، تەنانەت ئەگەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بێت، یان بەشداریکردن لە خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت، دەبێتە هۆی دەستگیرکردن یان سەپاندنی سزای قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە تورکیا".
ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی خستە روو، مووشەکێکی بالیستی کە لە خاکی ئێرانەوە ئاراستەی ئاسمانی وڵاتەکەیان کرابوو، لە لایەن سیستەمی بەرگریی هاوپەیمانیی ناتۆوە تێکشکێنرا و پارچەکانی لە سنووری شاری دیلۆکی باکووری کوردستان کەوتوونەتە خوارەوە.