ئاژانسی فەرمی هەواڵی تورکیا بڵاویکردوەتەوە کە وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان پەیوەندی تەلەفۆنی کردوە بە وەزیری دەروەی ئێران، عەباس عێراقچی و پێی وتووە کە "پێشیلکردنی کایەی ئاسمانی تورکیا بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکات".
سێ شەممە، ١٠ ئادار ٢٠٢٦، هاکان فیدان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عێراقچی "جەختی لەوە کردووەتەوە، تورکیا بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری هەموو رێوشوێنە پێویستەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە پێشێلکارییەک کە بکرێتە سەر ئاسمانی وڵاتەکەی".
بە پێی هەمان سەرچاوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە هاکان فیدانی وتوە "ئەو مووشەکانەی ئاراستەی ئاسمانی تورکیا کراون سەرچاوەکەیان ئێران نییە، لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنە و ورد لەو بارەیەوە ئەنجام دەدەن".
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە لە کاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، چەند پاشماوەیەکی مووشەکی لە ناو خاکی تورکیا کەوتوونەتە خوارەوە و تورکیاش بە فەرمی سیستەمی بەرگریی پاتریۆتی لە شاری مەلاتیا جێگیر کردووە.
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد"لە چوارچێوەی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، رێکاری پێویست بۆ پاراستنی سنوورەکان و ئاسمانی وڵاتەکەمان گیراوەتە بەر و لەگەڵ ناتۆ و هاوپەیمانەکانمان لە راوێژداین".