ئامارێکی نوێ زیانەکانی ئێران بەهۆی بۆردومانی ئەمریکا و ئیسرائیل ڕادەگەیەندرێت

بەهۆی بەردەوامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران، پایتەختی ئێران ڕووبەڕووی کۆچێکی بێ وێنە بووەتەوە و بەپێی گوتەی شرۆڤەکاران نزیکەی ٦ ملیۆن کەس شارەکەیان بەرەو ناوچە ئارامەکان جێهێشتووە. 

نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداری دەدات کە ژمارەی ئاوارە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە ٣.٢ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ژیانی ڕۆژانە پەکیکەوتووە و دابەشکردنی سووتەمەنی سنووردار کراوە و ئاسمانی وڵاتیش بە تەواوی داخراوە.

سەرەڕای فشارە سەربازییە توندەکان و بانگەشەکانی واشنتن بۆ تێکشکاندنی تواناکانی ئێران، تاران جەخت لەسەر مانەوەی هێزی مووشەکی خۆی دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە هێشتا دەتوانن ئامانجە جیاوازەکانی ناوچەکە بپێکن. 

لە ناوخۆی ئێرانیشدا بازاڕ و بانکەکان بە نیوەچڵی کراوەن و تەنیا گواستنەوەی وشکانی و شەمەندەفەر کار دەکەن، ئەم دۆخە نالەبارە مرۆییە لە کاتێکدایە کە هەردوو جەژنی نەورۆز و ڕەمەزان نزیک دەبنەوە و نیگەرانییەکان لەبارەی داهاتووی وڵاتەکە ڕوو لە زیادبوونە.

لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گەشبینی خۆی نیشان دا کە جەنگەکە بەم زووانە کۆتایی دێت و بەڵێنیدا ئاسایشی گەرووی هورمز بۆ بارهەڵگرە نەوتییەکان بپارێزێت تاوەکو گواستنەوەی ٢٠٪ نەوتی جیهان پەکی نەکەوێت. 

ترەمپ هەروەها دڵنیایی دا کە دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکا لەوپەڕی ئامادەییدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەکی ناوخۆیی و هیچ نیگەرانییەکی لەو بارەیەوە نییە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنی دەرەنجامە ئەمنییەکانی ئەم ململانێیە



PM:01:23:13/03/2026