عێراقچی هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی دامەزراوەکانی ئەمریکا و داخستنی گەرووی هورمز دەکات

وەزیری دەرەوەی ئێران، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە کرد و ڕایگەیاند'' هێزەکانیان بە توندی وەڵامی هەر هێرشێک دەدەنەوە بکرێتە سەر دامەزراوەکانی وزەی وڵاتەکەی.''

عەباس عێراقچی، جەختی کردەوە کە لە ئەگەری هەر هێرشێکدا، دامەزراوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان یان ئەو شوێنانەی ئەمریکا پشکی تێیاندا هەیە لە ناوچەکەدا دەبنە ئامانجی ڕاستەوخۆی هێزەکانیان.

وەزیری دەرەوەی ئێران پەنجەی تۆمەتی بۆ چەند وڵاتێکی دراوسێ درێژ کرد و وتی'' هێرشەکەی سەر دوورگەی نەوتیی "خارگ" لە خاکی ئەو وڵاتانەوە ئەنجامدراوە و ئەمریکا خاکی دراوسێکانی بۆ هاوێشتنی مووشەک بەکارهێناوە.''

هاوکات ئاشکرای کرد کە گەرووی ستراتیژیی هورمز بە ڕووی کەشتییەکانی ئەمریکا و وڵاتە نەیارەکاندا بە تەواوی داخراوە.

ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە دێن کە لە کۆتایی مانگی شوباتی ٢٠٢٦دا، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانییان کردە سەر ئێران و بووە هۆی کوژرانی چەند سەرکردەیەکی ئەو وڵاتە، لە بەرانبەریشدا ئێران جگە لە ئاراستەکردنی مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگای سەربازیی ئەمریکای لە وڵاتانی ناوچەکەدا کردە ئامانج و بارودۆخەکەی بەرەو قۆناغێکی مەترسیدارتر برد.




PM:08:45:14/03/2026