ئاژانسی تەنسیمی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە زاری سەرچاوەیەکی سیاسییەوە ڕایگەیاند” هێرشە درۆنییەکەی سەر پاڵاوگەی لاناز لە هەولێر لەلایەن ئێران و گروپەکانی بەرەی مقاوەمەوە ئەنجام نەدراوە.”
ئەو سەرچاوەیە جەخت دەکاتەوە، زانیارییەکانیان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمریکا یان ئیسرائیل لە پشت ئەو هێرشەوەن و ئامانجیان لەم کارە تەنها فراوانکردنی بازنەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانە لە ناوچەکەدا.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، کۆماری ئیسلامی ئێران یان گروپەکانی هاوپەیمانی، هەر کاتێک هێرش بکەنە سەر هەر شوێنێک، بە شێوەیەکی فەرمی و ئاشکرا بەرپرسیارێتی خۆیان ڕادەگەیەنن.
لە کۆتاییدا ئەو سەرچاوە سەربازییە دەنگۆی هێرشکردنە سەر ڕاداری فڕۆکەخانەی کوەیت لەلایەن ئێرانەوە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت ئەو هێرشەش کاری ئەمریکا و ئیسرائیلە و تەنها میدیای ڕۆژئاوایی وەک پڕوپاگەندە دژی ئێران بەکاری دەهێنن.