عەباس عراقچی: ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانمان درۆنی هاوشێوەی ئێرانی بەکاردەهێنن


وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند کە ئەمریکا درۆنێکی بە ناوی "لوکاس" بەرهەمهێناوە کە تەواو لە درۆنی "شاهید"ی ئێرانی دەچێت و بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی عەرەبی بەکاری دەهێنن تا پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتانە لەگەڵ تاران تێکبدەن.

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە هێرشەکانی ئەوان تەنها بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکەنە ئامانج و تا ئێستا هیچ ناوچەیەکی مەدەنییان لە وڵاتانی ناوچەکە نەکردووەتە ئامانج، هەروەها ئامادەیی ئێرانی نیشاندا بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لەسەر ئەو هێرشانە.

عراقچی هۆشداریدایە ئەمریکا و ئیسرائیل کە ئەگەر دامەزراوەکانی وزەی ئێران بکرێنە ئامانج، ئەوا تاران وەک کاردانەوە کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا دەکاتە ئامانج، چونکە ئیسرائیل هەوڵ دەدات بەم هێرشانە نێوانی ئێران و دراوسێکانی تێکبدات.

لە کۆتاییدا وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە کۆتاییهێنان بەم ئاڵۆزییانە و شەڕ، تەنها بە گەرەنتی دووبارەنەبوونەوەی هێرشەکان و پێدانی قەرەبوو بەدی دێت، ئەگەرنا بەرەی مقاوەمە لەسەر هەڵوێستەکانی بەردەوام دەبێت.





PM:12:45:15/03/2026