وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە گەرووی هورمز بەتەواوی دانەخراوە بەڵکو هاتوچۆی کەشتییەکان لەمەودوا بە مەرجی تایبەت و هەماهەنگی پێشوەختە دەبێت.
ئیسماعیل بەقایی، جەخت دەکاتەوە کە تەنها ڕێگری لەو کەشتی و بەلەمانە دەکات کە وەک دوژمنی ئێران پۆلێن دەکرێن یان سەر بە ئەمریکا و ئیسرائیل و لایەنگرانیانن، ئەم هەنگاوەشی وەک مافێکی یاسایی بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی لە بەرامبەر هەر دەستدرێژییەک پێناسە کرد.
بەپێی بڕیارە نوێیەکانی تاران ئەو وڵاتانەی بەشداری لە چالاكی سەربازی دژی ئێران ناکەن دەتوانن دوای وەرگرتنی مۆڵەت لە هێزە چەکدارەکانی ئێران بە گەرووەکەدا تێپەڕن.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر هۆشدارییان داوەتە وڵاتانی ناوچەکە تا ڕێگە نەدەن خاک و ئاسمانیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێت، چونکە ئامانجی ئێستا تەنها پاراستنی سەلامەتی دەریاوانییە بەو مەرجەی نەبێتە هۆی ئاسانکاری بۆ کردارە دوژمنکارانەکان.
ئەم سنووردارکردنەی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز کە وەک کاردانەوەیەک بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دێت پشێوییەکی گەورەی لە بازاڕەکانی وزە و بازرگانیی جیهانیدا دروست کردووە. داخستنی کردەیی بەشێکی گەرووەکە بووەتە هۆی ئەوەی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وڵاتانی جیهان تووشی تەنگژە ببێت و دڵەڕاوکێیەکی زۆر لە ناوەندە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکاندا بخاتە وە گەڕ کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر گوزەرانی وڵاتان دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە ئورسولا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا نیگەرانی خۆی لە هەڵکشانی نرخەکان دەربڕی و ڕایگەیاند کە تەنها لە ماوەی دە ڕۆژی سەرەتای جەنگەکەدا نرخی گاز لە یەکێتی ئەوروپا بە ڕێژەی ٥٠٪ بەرزبووەتەوە. هەروەها نرخی نەوتیش لە بازاڕەکانی جیهاندا ٢٧٪ چووەتە سەرەوە کە ئەمە فشارێکی دارایی توند دەخاتە سەر وڵاتانی بەکاربەر و ئاماژەیە بۆ قەیرانێکی وزەی درێژخایەن ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت.