جێگرەوەی عەلی لاریجانی بەرپرسێکی سەربازی دانرا


میدیاکانی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایانگەیاند کە حوسێن دەهقان، وەزیری پێشووتری بەرگری ئێرانی وەک ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی لە بری عەلی لاریجانی دەستنیشانکرا.

ئاژانسی "دیدبان ئێران" ئاماژەی بەوە کردووە کە دەهقان (تەمەن ٧٠ ساڵ) لە سەردەمی سەرۆکایەتی حەسەن ڕوحانیدا وەزیری بەرگری ئێران بووە و، سیاسەتمەدار و فەرماندەیەکی سەربازی پێشووی نێو سوپای پاسدارانی ئێرانە.

دەهقان لە ئێستادا سەرۆکایەتی "بونیادی مستەزعەفانی شۆڕشی ئیسلامی" دەکات، کە یەکێکە لە گەورەترین دامەزراوە ئابوورییەکانی ئێران.
پێرێ سێشەممە، ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند" لە هێرشە ئاسمانییەکانی سەر تاران، عەلی لاریجانی ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و غولامڕەزا سولەیمانی، فەرماندەی هێزەکانی بەسیج، تیرۆر کراون."

هەر پێرێ سێشەممە، ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی کوژرانی ئەمینداری ئەنجومەنەکەی، عەلی لاریجانی، لە کاتی بۆردومانێکی ئاسمانی لە ناوچەی "پەردیس" لە تاران لە بەرەبەیانی سێشەممەدا پشتڕاستکردەوە.

ئەمینداریەتی گشتی لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو بۆردومانە بووەتە هۆی کوژرانی "مورتەزا"ی کوڕی لاریجانی، و "عەلیرەزا بەیات" یاریدەدەری کاروباری ئەمنی لە ئەمینداریەتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، لەگەڵ پاسەوانەکانیان.




PM:03:58:19/03/2026