گۆتێرێز: ئیسرائیل و ئێران تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە و ئەمریکا کلیلی کۆتاییهێنانی ململانێکانە

ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشدارییەکی توند لەبارەی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ دەدات و ڕایگەیاند'' بەڵگەی بەهێز لەبەر دەستدان دەریدەخەن هەردوو لایەنی ململانێکە تێوەگلاون لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ.''

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئاماژەی بەوە کرد، کردنە ئامانجی دامەزراوەکانی وزە و ژێرخانە ستراتیژییەکان لەلایەن هەردوولاوە، پێشێلکارییەکی زەقە و ناوچەکەی خستووەتە لێواری جەنگێکی وێرانکەر.

گۆتێرێز روونی کردەوە کە ئێران پەنا بۆ بەرگریی درێژخایەن و گەیاندنی زۆرترین زیان بە نەیارەکەی دەبات، لە بەرامبەردا ئیسرائیل کار بۆ لەناوبردنی تەواوەتی تواناکانی سوپای ئێران و گۆڕینی رژێمی تاران دەکات. ئەم جیاوازییە لە ئامانجە سەربازییەکاندا بووەتە هۆی ئەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و گفتوگۆکانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی بگەنە بنبەست و مەترسییەکان گەورەتر بن.

سەبارەت بە رۆڵی هێزە نێودەوڵەتییەکان، ئەمینداری گشتی جەختی لەوە کردەوە کە کلیلی چارەسەری ئەم دۆخە ئاڵۆزە تەنها لە دەستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادایە.

 داوای لە واشنتن کرد کە دەستوەردانی ڕاستەوخۆ بکات و کۆتایی بە ئەرکەکەی بهێنێت، چونکە بە بڕوای ئەو تەنها ئەمریکا دەتوانێت فشار بخاتە سەر هەردوولا بۆ راگرتنی جەنگ و رێگریکردن لە تەقینەوەی زیاتری بارودۆخەکە.

لە کۆتاییدا، نیگەرانی قووڵی خۆی لە ئاست بە ئامانجگرتنی هاووڵاتیانی مەدەنی دەربڕی و داوای لە تاران و تەلئەڤیڤ کردەوە کە پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بن. ئەم هۆشدارییانە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ترسەوە دەڕوانێتە ئاڵوگۆڕی هێرشە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ترسی ئەوەی هەیە ئەم پێکدادانانە سەربکێشن بۆ جەنگێکی هەرێمیی گشتگیر کە کۆنترۆڵکردنی ئەستەم بێت.




PM:02:12:20/03/2026